ئیسرائیل ترسی لە ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی ئێران و سووریا و عێراق هەیە
ماڵپەڕی (ديبكا)ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم هەوڵەی هەرسێ وڵاتی ئێران و سووریا و عێراق، بووەتە هۆی نیگەرانیی ئیسرائیل و ئەمریكا، ترسیان هەیە ڕێككەوتنەكە مەترسی بخاتە سەر ئاسایشی هەردوو وڵاتەكە.
بەگوێرەی ماڵپەڕە ئیسرائیلەكە، هەرسێ وڵاتەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، ئەم ڕێككەوتنەیان لە میانی كۆبوونەوەیەكدا ئیمزا كردووە كە بەم دواییە لەلایەن فەرماندەكانی سوپای هەرسێ وڵاتەوە لە دیمەشق بەسترابوو.
لە كۆبوونەوەكەی دیمەشقدا، فەرماندەكانی هەرسێ سوپا لەسەر قەبارەی پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكە ڕێككەوتوون، لەگەڵ چۆنیەتی یارمەتیە سەربازی و ئابوورییەكانی ئێران بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا.
ماڵپەڕی (ديبكا) نووسیویەتی كە ڕێككەوتنە سەربازییەكە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێكی تر بووە كە لە 25ی شوباتی رابردوودا لە میانی سەردانەكەی بەشار ئەسەد دیكتاتۆری سووریا بۆ تاران لەگەڵ عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ئیمزا كرابوو.
bas news -