هۆشداریی لە سەرهەڵدانی ”نەوەی سێیەم“ی داعش دەدرێت
سەفا ئەعسەم، پسپۆڕی سەربازیی عێراقی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە توندی و هەستیارییەوە ئاگاداری ئەو چەکدارانەی داعش بێ، کە لە سووریاوە بەرەو عێراق رادەکەن.
سەفا ئەعسەم هەروەها رایگەیاندووە، داعش مێشکی منداڵەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی شوشتووەتەوە و ئێستاش ئەو منداڵانە لەگەڵ خێزانەکانیان لە کەمپەکان دەژین و بە نەوەی سێیەمی داعش دادەندرێن، کە ”زۆر توندڕەوتر و خوێناویترن لەوانەی پێش خۆیان“.
ئەو پسپۆڕە سەربازییە هۆشداریی داوەتە حکوومەتی وڵاتەکەی، کە ئەگەر زانیاریی هەواڵگری لەناو کەمپەکان بە دەست نەخات و هەوڵی دەستگیرکردن و کوشتنی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش نەدات، ئەوا عێراق رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبێتەوە.
بە گوتەی سەفا ئەعسەم، یەکێک لە رێگاکانی زاڵبوون بەسەر مەترسیی نەوەی سێیەمی داعش، چۆڵکردنی کەمپەکان و گەڕاندنەوەی خێزانەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
باسنيوز