بەشیر حەداد: دەبێ حکوومەتی عێراق ڕاپۆرتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بخاتە ڕوو
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە پرێس كۆنفڕاسێكدا ڕوو بە میدیاکان گوتی: "پێویستە هەریەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش بكەن سەبارەت بەوەی لە ڕابردوودا چییان كردووە، حكومەت تا چ ئاستێك بەرنامەی كاری خۆی جێبەجێ كردووە و دادگای باڵا لە عێراقدا بە ڕێكارە یاساییەكان تاچ ڕادەیەك توانیویەتی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، ئەوانە لە دانیشتنی یەكەمدا دەكرێت لە دانیشتنەكانی داهاتوودا سەرۆكایەتیی لێژنەكانی ناو پەرلەمان یەكلایی دەكرێتەوە، ئینجا تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی ئینجا كارەكانی دیكە".
گوتیشی: "پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەكی گشتی فراكسیۆنە كوردییەكان بە شێوەیەكی تایبەتی لە كاردان بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق ماون چارەسەر بكەن، ئێستا ئیرادەیەكی باش دەبینین لە بەغدا بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی باشدا دەبینم لە ماوەیەكی نزیكدا زۆر لەو كێشانە چارەسەر دەبێت".
دكتۆر بەشیر حەداد ڕوونی كردەوە: "وەزارەتی داد تا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە لەو ڕۆژانە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رێك دەكەون لەسەر هەموو بوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئەوكات دیاری دەکرێت کە ئەو كاندیدە كێیە كە پارتی دیموكراتی كوردسان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەری ڕێك دەكەون بۆ وەزارەتی داد".
باسنيوز