ھێشتا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا به‌دینه‌هاتووه‌و ئه‌ركی زۆرماوه‌

ھێشتا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا به‌دینه‌هاتووه‌و ئه‌ركی زۆرماوه‌
به‌رپرسان و چاودێرانی عێراقی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بوونی داعش وه‌ك لایه‌نێكی كاریگه‌ر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی عێراقدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 و ساڵانی دوایی هه‌یانبوو كۆتایی هاتووه‌ و ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی چه‌كدار توانای ئه‌وه‌یان ده‌مێنێ هێرشی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن و سیناریۆی هاوشێوه‌ی رێكخراوی قاعیده‌ په‌یڕه‌و بكه‌ن كه‌ له‌ ساڵانی 2006 تا 2012 په‌یڕه‌ویان ده‌كرد.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی عێراقی سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ھێشتا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا به‌دینه‌هاتووه‌و ئه‌ركی زۆرماوه‌ دژی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت. یه‌كێك له‌وانیش عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی كورد و عێراقی هه‌مان بۆچوونیان هه‌بووه‌ و پێیانوایه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا ته‌واو نه‌بووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسێكی سه‌ربازی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه‌: "هێشتا شه‌ڕ له‌ دژی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌، سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئه‌وه‌ باش ده‌زانن، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شه‌وه‌ كه‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2017 سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یێنرا، چونكه‌ هێشتا شانه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ عێراق ماون و خه‌ونی ئه‌وه‌ ده‌بینن "خه‌لافه‌ت"ـه‌ شكستخواردووه‌كه‌یان زیندوو بكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا خراپی ئیداره‌دانی چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی رزگاركراو له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش و هاوكار نه‌بوونی چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كانیان كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ بۆ وڵاته‌كه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كه‌ ئه‌مه‌ریكا رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا،عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زانیارییان ده‌ستكه‌وتووه‌ چه‌كدارانی داعش ده‌یانه‌وێت ھێرشی تیرۆریستی بكه‌نه‌ سه‌ر 11 شار و ناوچه‌ی عێراق. له‌و شوێنانه‌شی داعش پلانی بۆ داناون، (دۆڵی حۆران، رۆژهه‌ڵاتی دووزخورماتوو، حه‌ویجه‌، دیاله‌، رومادی، نوخێب و سه‌رسار)ـه‌، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران هیچ رێكارێكی پێویستی بۆ رێگه‌گرتن له‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرتووه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت: "به‌ڵام داعش په‌نا ناباته‌وه‌ به‌ر شێوازی پێشوو بۆ شه‌ڕكردن و به‌ گرووپی رێكخراو ھێرش ناكات، به‌ڵكو چالاكییه‌كانی هاوشێوه‌ی رێكخراوی قاعیده‌ ده‌گۆڕێ، په‌نا بۆ بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ده‌به‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی قاعیده‌ له‌ رابردوودا ده‌یانكرد. هه‌روه‌ها رێگه‌ له‌ خه‌ڵكی سڤیل ده‌گرن و ده‌یانڕفێنن و خه‌ڵكی ناوچه‌كان ده‌تۆقێنن، بۆ ئێستا و چه‌ند ساڵێكی كه‌می داهاتوو به‌و شێوه‌یه‌ هێرشه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ هاووڵاتیان هه‌ر زانیارییه‌كان له‌سه‌ر جووڵه‌ی گوماناوی شانه‌ نوستووه‌كان یان لایه‌نگرانی داعش هه‌بوو، به‌ خێرایی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ چالاكییه‌كانیان بگیرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌لی حوسه‌ینی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "ئێستا بوونی داعش زۆر گه‌وره‌ ده‌كرێ، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار ده‌یڵێن له‌باره‌ی داعش پشتیان به‌ سه‌رچاوه‌ی خۆیان به‌ستووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌داین و سه‌رچاوه‌ی باشترمان هه‌یه‌ و زانیاری زیاترمان به‌رده‌سته‌ و پێمانوایه‌ گه‌وره‌ كراوه‌".

هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌: "هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ كۆششه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، ده‌زانن داعش له‌ ناو شاره‌كاندا نه‌ماون، جگه‌ له‌ چه‌ند ئه‌ندامێكیان له‌ بیابان و ده‌وروبه‌ری شاره‌كاندا، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌ نییه‌ تیرۆر به‌ قه‌باره‌یه‌كه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ی درووستكردبێ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسان له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌یڵێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ گه‌ڕان به‌دوای پاشماوه‌كانی داعش و راونان و كوشتنیان له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كان و ناو باخ و كێڵگه‌ و بیابانه‌ دووره‌ ده‌سته‌كاندا. له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی رفاندنیش له‌ ناوچه‌كانی سه‌رسار و نوخێب، بۆیه‌ روویداوه‌ چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقی لێ دووره‌".

به‌ڵام رووداوه‌كانی رفاندنی ده‌یان كه‌سی سڤیل له‌ ناوچه‌كانی سه‌رسار له‌ پارێزگای ئه‌نبار و حه‌مرین له‌ پارێزگای كه‌ركووك و جه‌زیره‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، ترس و دڵه‌ڕاوكێی بۆ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی عێراق درووستكردووه‌ كه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2014 بۆ 2017 داگیر كردبوون، ده‌ترسن جارێكی دیكه‌ ناوچه‌كانیان رووبه‌ڕووی شه‌ڕ و ناسه‌قامگیریی ببێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێران ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ گرووپی دیكه‌ش بخزێنه‌ هێڵی یاریكردن به‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و كاردانه‌وه‌ی تائیفی توندیش سه‌رهه‌ڵبدات به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌دا".

توێژه‌رێكی عێراقی به‌ناوی موئه‌یه‌د جحێشی ده‌ڵێت: "ستراتیژییه‌تی هه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستی یان به‌رگریكار یان نه‌یار ئه‌وه‌یه‌، پاش گه‌مارۆدانیان ده‌ست به‌ شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ هیچ سوپایه‌كی جیهان ناتوانێ به‌ته‌واوه‌تی رێگه‌ی لێبگرێت، چونكه‌ داعش ئیستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیناریۆكانی ساڵانی رابردووی قاعیده‌ له‌ عێراق و خه‌ڵكی سڤیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی بتۆقێنن و پاشان خۆیان بۆ رێكخستنه‌وه‌و گورزوه‌شاندنه‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئاماده‌ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هێشتا سه‌ركرده‌ و ئه‌میره‌كانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ خه‌ون به‌ درووستكردنه‌وه‌ی "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت"ـه‌وه‌ ده‌بینن".







K24
Top