سەرۆکی حکوومەت: بۆ وەرزی ھاوین کارەبا باش دەبێت
عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەستەی باڵای ھەماھەنگی پارێزگاکان، داوای ھاریکاری پارێزگاکانی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردوامیدان بەو پلانانەی، کە ئابووری چالاک دەکەنەوە و بەرژەوەندییە گشتییەکان بەدی دەھێنن.
بەپێی ڕاگەیاندراوێک، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، عەبدولمەھدی داوای کرد کار بکرێت بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان و ناوچە ھەژارنشینەکان.
جەختیشی کردەوە، کە لەڕێگەی لیژنەی وزەی حکوومەتەوە بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ دۆخی کارەبا ھەیە بۆ ئەوەی بەرھەمھێنان زیاد بکرێت، گوتیشی: "ئاستی بەرھەمێھێنانی وزە دەگاتە ١٨ ھەزار مێگاوات لەگەڵ دابینکردنی پارەی پێویستیش، بەرھەمھێنانی وزە زیاد دەکات، بەم نزیکانەش ١٠ وێستگەی دیکە دەکەونە کار و گرێبەستیش نوێش بۆ پەرەپێدانی وزەی کارەبا کراوە، بۆیە ئەگەر ھەوڵەکان یەک بخەین، لەم ھاوینەدا کارەبا لە ساڵی پار باشتر دەبێت".
باسنيوز