داعش هێرشی کردە سەر پاڵاوگەی سەڵاحەدین

 داعش هێرشی کردە سەر پاڵاوگەی سەڵاحەدین
چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر پاڵاوگەی سەڵاحەدین و ژمارەیەک چەکدار کوژران.



لیوا قەندیل ئەلجبوری، فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، داعش هێرشەکەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 25-2-2019 کردە سەر پاڵاوگەکە.



لیوا قەندیل ئەلجبوری هەروەها رایگەیاندووە، هێزە عێراقییەکان رووبەڕووی چەکدارەکانی داعش بوونەتەوە، کە هەوڵیان دەدا چنە ناو پاڵاوگەی سەڵاحەدین 1 و ماوەی سێ کاتژمێر شەڕ لەنێوانیاندا دروست بووە و دواتر شکست بە هێرشەکەی داعش هێندرا.



هەروەک ئەو فەرماندەیەی پۆلیسی عێراق رایگەیاندووە، هێزەکانیان توانیویانە سێ چەکداری داعش بکوژن و چەکدارێکیش بەدیل یرا، ئەوانی تریش ناچاری پاشەکشە و هەڵاتن بەرەو چیای مەکحول، بوون.



هەرچەندە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014- 2018) لە مانگی 12ـی 2017 کۆتایی پێهێنانی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە بەردەوام لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردەی تیرۆریستی، رفاندن، کوشتن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.



باسنیوز
Top