پەرلەمانی عێراق: بەغدا خراپترین شارە و 1000 پرۆژەی لەكار خراوە

پەرلەمانی عێراق: بەغدا خراپترین شارە و 1000 پرۆژەی لەكار خراوە
ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند شاری بەغدای پایتەختی عێراق بێ خزمەترین شاری عێراقە و 1000 پرۆژەی خزمەتگوزاری لەم شارەدا پەكیان خراوە.

لیژنەكە رایگەیاندووە ساڵی 2019 هیچ پرۆژەیەكی نوێ بۆ بەغدا نایەتە پێشكەشكردن، چونكە شارەكە لە پلەی یەكەمی شارەكانی عێراق دێت لە دواخستن و پەكخستنی پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و لە ئێستەشدا 1000 پرۆژەی هەیە كە تەواو نەكراون.

لەمبارەوە لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردووەتەوە كە جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ شارەكانی عێراق لە بودجەی ئەمساڵدا بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێگەیان نەكراوەتەوە. بەڵام لە هەمان كاتدا زۆربەی شارەكان سەدان پرۆژەی تەواونەكراویان ماوەتەوە.

بەپێی لیژنەكە، لەوەتەی ساڵی 2014وە بەردەوام پرۆژەكانی خزمەتگوزاری لە شارەكاندا دوادەكەون و بە تەواونەكراوی بەسەر یەكتریدا دەكەون، بەبێ ئەوەی بزاندرێ بودجەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكان چی بەسەر دێت، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی چەند شارێك لە ناوەڕاست و باكووری عێراق كەوتنە ژێر دەستی داعشەوە، بە تەواوی پرۆژەكان لەو بەشانەی عێراق پەكیان كەوت.











باسنيوز
Top