ئەسیل نوجەیفی: مووسڵ نموونەی داگیرکاریی ئێرانە

  ئەسیل نوجەیفی: مووسڵ نموونەی داگیرکاریی ئێرانە


ئەمڕۆ شەممە لە ئیستەنبووڵ، کۆنفرانسێکی تایبەت بە داهاتووی مووسڵ ساز کرا و تێیدا "ئەسیل نوجەیفی" پارێزگاری پێشووی نەینەوا گوتارێکی پێشکەش کرد.



پارێزگاری پێشووی نەینەوا گوتی: "مووسڵ ئێستا بووەتە نموونەیەکی دەستێوەردانی ئێران و حزبوڵا، چونکە ئەو هێزانەی کە ئێستا لە مووسڵ حوکم دەکەن، لەژێر کاریگەری و ئایدۆلۆژیای ئێراندان".



ئەسیل نوجەیفی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچەند گرووپە شیعەکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی ئێستا مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریان داگیر کردووە و تێیاندا دەسەڵاتدارن، ئەمە لە کاتێک دایە کە پێکهاتەی دانیشتوانی مووسڵ شیعە نین و فرە ئایینە و ژمارەیەکی کەمی پەیڕەوی شیعەی تێدایە کە 2 ینا 3٪ تێپەڕ ناکات".



ڕاشی گەیاند: "هەڵسوکەوت و پێشێلکارییەکانی ئەو گرووپانە دوورە لە باوەڕی خەڵک و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە هاووڵاتییان و چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەی توندی بەدوادا بێت و ئێستا دۆخی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا ناجێگیرە و گرووپە چەکدارەکان سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرتووە، لەباتی سەقامگیری خەریکن باج لە خەڵک وەردەگرن و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانیان کردووتە بیانوویەک بۆ زیاتر مانەوەیان لەو ناوچانە".



ئەسیل نوجەیفی ئەوەشی نەشاردەوە و گوتی: "ئەوەی ئێمە ئێستا بەدیی دەکەین، لە پارێزگای نەینەوا دوو پرۆژە لە ئارا دان، یەکیان پرۆژەی کوردە کە لە دەشتی نەینەوایە و ئاراستەیەکی سەقامگیری هەیە و ئەوی دیکەشی پرۆژەی ئێرانە کە وەک بەدیل و جێگرەوەیەکی حکوومەت لەو ناوچە دەڕوانن و لەڕێگەی حەشدی شەعبییەوە پلانەکە جێبەجێ دەکەن و ئەوان دەست دەگرن بەسەر زەوی و زار و موڵکی خەڵکدا و هیچکام لە وڵاتانی ناوچەکەش ئاوڕیان لەوە نەداوەتەوە کە پارێزگای نەینەوا ئاوەدان بکرێتەوە، یان کارێکی وا بکەن دژی ئەم هەواڵانەی ئێران و حزبوڵا بن لە ناوچەکەدا".






باسنیوز
Top