ئه‌كره‌م ئه‌لكه‌عبی، ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ھێزه‌كانی نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وكاته‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین

ئه‌كره‌م ئه‌لكه‌عبی، ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا  ھێزه‌كانی نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وكاته‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین
ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ رێگه‌ی پاڵپشتیكردنی هێزه‌ سوننییه‌كانه‌وه‌ گره‌و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق ده‌كات".

ئه‌كره‌م ئه‌لكه‌عبی، ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با كه‌ ئه‌مه‌ریكا خستوونییه‌تیه‌ لیستی تیرۆره‌وه‌ له‌ تویته‌ره‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "ئه‌مه‌ریكا گره‌و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات به‌هۆی پاڵپشتیكردن له‌ هێزه‌كانی پێكهاته‌ی سوننه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكادان له‌ عێراق و درۆ له‌گه‌ڵ شه‌قامی سوننی ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ برا شیعه‌كانیان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق بمێننه‌وه‌و ئاڵای به‌رگرییان له‌ دژیان هه‌ڵگرتووه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، وارس موسه‌وی، گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23/2/2018 گوتوویه‌تی: "حكوومه‌تی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كار بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكرێنه‌ ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان ره‌تیانكرده‌وه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وكاته‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌بێت".

‌هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراق نه‌بێت و ھێزه‌كانی نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وكاته‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین (وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان) و ئه‌وه‌ش بژارده‌یه‌كی شه‌رعی و یاساییه‌ و سه‌رجه‌م یاسا و ئایینه‌كان دانیان به‌و مافه‌دا ناوه‌".




K24 -
Top