لە خانەقین حەشدی شەعبی هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی زەویی هاووڵاتییان چڕ کردووەتەوە

لە خانەقین حەشدی شەعبی هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی زەویی هاووڵاتییان چڕ کردووەتەوە
بەرپرسێکی پارتی ڕای دەگەیەنێت، لە خانەقین حەشدی شەعبی هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی زەویی هاووڵاتییان چڕ کردووەتەوە و لەلایەن بەغداشەوە پشتگیری دەکرێن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "لە دەوروبەری مەندەلی و جەلەولا گرووپی چەکدار دروست بووە و بەردەوام تەقە لە خەڵک دەکەن، کەس نازانێ ئەو گرووپانەش سەر بە کێن؟، جیا لەوەش ئێستا حەشدی شەعبی لەسەر ڕێگای نێوان خانەقین و دیالە خاڵی پشکنین و گومرگیان داناوە و پارە لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگرن، ئیتر بەبێ ئەوەی کە وەسڵیان پێ بدەن، بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بچووک ١٠٠ دۆلار وەردەگرن و بارهەڵگری گەورەش لە ٢٠٠ دۆلاوەرەوە دەست پێ دەکات".

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکراشی کرد: "کاتژمێر ٢ی ڕۆژی ٢٠\٢\٢٠١٩ چەکدارانی حەشدی شەعبی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی باوە مەحموو کە بارەگایەکی لیوای سێی پێشمەرگەی لێیە و هەوڵیان داوە ئەو بارەگایەی لیوای سێی پێشمەرگە ئەوێ چۆڵ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و گەڕانەوە خانەقین".

ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١\٢\٢٠١٩ لە شارەدێی جەلەولا تەقە لە هاووڵاتییانی سڤیل کراوە و بەو هۆیەشەوە کەسێک بریندار بووە".

شێخ جەعفەر مستەفا ئاماژەی بەوە دا: "ئێستا چەکدارانی حەشدی شەعبی بەناو زێدەڕەوییەوە هەوڵی داگیرکردنی زەوی و موڵک و ماڵی خەڵک دەدەن، بۆ ئەوەی بیکەن بە بارەگا بۆ خۆیان، جیا لەوەش خەڵک دەترسێنن بۆ ئەمەش لەلایەن بەغداوە پاڵپشتی دەکرێن و کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام نازانرێ ئەو کەسەی پشتیوانیان لێ دەکات کێیە و ڕوونی کردەوە کە قایمقامی خانەقین کە لەسەر پشکی یەکێتییە لە شارەکەدا هیچی بەدەست نییە و پێم وا نییە پرسیشی پێ بکرێت".











باسنيوز
Top