بۆمبێک بە فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبیدا تەقییەوە

بۆمبێک بە فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبیدا تەقییەوە
بۆمبێک بە فەرماندەیەکی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-2-2019، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی میلیشیای سەرایا سەلام، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە شارۆچکەی سامەڕا لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، تەقییەوە.

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوە، ژمارەیەک چەکداری سەرایا سەلام کوژران و حەوت چەکداری دیکەش بریندار بوون، کە یەکێک لە بریندارەکان فەرماندەیەکی باڵای ئەو میلیشیایەیە بەناوی حوسێن عەتیە.

سەرچاوەیەک لە سەرایا سەلام رايگەیاند، دوای تەقینەوەکە، هێزێکی دیکەی میلیشیاکە چووەتە ناوچەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و گەیشتووەتە سەرەداوی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند، کە تەرمی کوژراوەکان گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەی موسەننا لە ناوەڕاستی بەغدا و بریندارەکانیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی سەڵاحەدین ەل شاری تکریتی سەنتەری پارێزگاکە.

سەرایا سەلام یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لە ساڵی 2014 دامەزراوە. موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتیی ئەو میلیشیایە دەکات.

سامەڕا سارۆچکەیەکی سوننەنشینی عێراقە و بەهۆی بوونی دوو مەزاری پیرۆزی شیعەکان تێیدا (مەزاری هادی عەسکەری و حەسەن عەسکەری)، بە یەکێک لە ناوچە گرنگ و پیرۆزەکانی مسوڵمانانی شیعەمەزهەب، دادەندرێت.












باسنيوز
Top