بە ھەرێم کردنی پارێزگای نەینەوا جارێکی دیکە باس دەکرێت

بە ھەرێم کردنی پارێزگای نەینەوا جارێکی دیکە باس دەکرێت
جارێکی دیکە بابەتی بەهەرێمکردنی پارێزگای نەینەوا دێتەوە بەرباس و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاکەش پێیوایە کە لە ڕووی سیاسییەوە کاتێکی گونجاو نییە بۆ درووستکردنی هەرێم.

بەشێک لە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی نەینەوا لە ئەنجامی پشتگوێخستنی پارێزگاکەیان و ئەو بارودۆخە خراپە ئەمنی و خزمەتگوزارییەی تێیدا هەیە، جارێکی دیکە بیر لە درووستکردنی هەرێمی نەینەوا دەکەنەوە.

لەمبارەیەوە سەیدۆ حسێن تاتانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری موسڵ ڕايگەیاند: "دەستووری عێراق ڕێگە بە دروستکردنی ھەرێم دەدات لە ناوەوەی سنووری وڵاتی عێراق، بەڵام لە رووی سیاسییەوە کاتەکە گونجاو نییە بۆ دروستکردنی ھەرێم، بۆ نمونە پارێزگای بەسرە ماوەیەکی زۆرە داوای بنیاتنانی ھەرێم دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە، ماددەی 140 لە دەستووری عێراقی تایبەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان تاکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە کە ئەمەش بەربەستە".

گوتیشی: "ئێستا باری موسڵ سەقامگیر نییە بۆ بە ھەرێم بوون، بەشی راستی شارەکە بە تەواوی وێرانە و تاکو ئێستا حکوومەت ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ بونیادنانەوەی، داواکردنی بەھەرێم بوونی پارێزگای نەینەوا لەلایەن خەڵکەوە مەبەست لێی سەقامگیر بوون ئاسایش و بونیادناوەی موسڵە، دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە خەڵک داوە".










باسنيوز
Top