یونسێف: زۆرینەی منداڵانی عێراق رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
لە بەیاننامەکەدا، پیتەر هۆکینز، نوێنەری یونسێف لە عێراق رایگەیاندووە، بەبۆنی رۆژی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) ئاهەنگ بۆ خۆشەویستی دەگێڕن و هیچ کەسێکیش هێندەی منداڵ پێویستیی بە نیشاندانی خۆشەویستی نییە.
پیتەر هۆکینز هەروەها رایگەیاندووە، لە عێراق، چەند ساڵێکە منداڵان بەشێوەیەک تووشی توندوتیژی بوون، کە کەم وێنە بووە و ئێستاش لەگەڵ تەواوبوونی شەڕەکان، منداڵان لە ماڵ و قوتابخانەکاندا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
نوێنەری یونسێف لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەپێی راپرسییەکان، %80ـی منداڵانی عێراق تووشی توندوتیژیی زۆر خراپ بوون و سێ لەسەر یەکی ئەو رێژەیەش تووشی سزای جەستەیی توند لە رووخسار، سەر و گوێیەکان بوون.
پیتەر هۆکینز بەبۆنەی رۆی ڤاڵانتاینەوە، داوای لە دایک و باوکان و بەرپرسانی عێراقی کردووە ”پێکەوە کۆتایی بە توندوتیژی دژی منداڵان بهێنن“.
ساڵانە رۆژی 14ـی شوبات، وەک رۆژێک بۆ خۆشەویستی لەنیوان عاشقان یاد دەکرێتەوە.
باسنيوز