شیعەكانی عێراق بۆ دەركردنی ئەمەریكا یەكدەگرن
لە پەرلەمانی عێراق باس باسی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئەمەریکایە، ئەو رێککەوتنەی بەشێک لەلایەنە شیعەکان هەوڵی کۆتایی پێهێنانی دەدەن، لەو بارەیەشەوە بەشێک لە هاوپەیمانێتی سائیرون هەنگاوی جددیان ناوە.
سەباح ساعدی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی سائیرون بە كوردستان24 راگەیاند: "وا دیارە سەرۆکی ئەمەریکا ئاگادار نییە کە گەلی عێراق بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ئەوە ناکات هێزی بیانی لە خاکی عێراقدا هەبن، لە پەرلەمانی عێراقدا کار بۆ ئەوە دەکەین رێککەوتنی ئەمنی و بەشی سێهەمی رێککەوتنی ستراتیژی هەڵوەشێنینەوە، چونکە عێراق سەروەری هەیە".
لەبارەی ھەوڵی دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەک یەک نییە، بەڵکو ئەو پرسە لای هەندێکیان وەک هەلێک دادەنرێ بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوان واشنتن و بەغدا.
لەوبارەوە عەدنان ئەلزەرفی، سەرۆکی فراکسیۆنی نەسر بۆ كوردستان24 گوتی: "ئەستەمە ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند بکرێت، چونکە دۆخی ئەمنی عێراق هێندە باش نییە بۆیە باشترە حکوومەت پردی زیاتری پەیوەندیی لە نێوان عێراق و ئەمەریکا دروست بکات".
قسە زۆرە لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە و سرووشتەکەی تەنانەت قسەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش جیاوازە لە گوتەی هەندێک لە پەرلەمانتاران.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک پڕۆژە یاسا بۆ دەرکردنی هێزی ئەمەریکا نەهاتووەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵکو پڕۆژە یاسایەک بۆ دیاریکردنی کات و ئەرکەکانی ئەو هێزانە هاتووە".
لە ساڵی 2008ـەوە، رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمەریکا و عێراق هەیە، کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە و، لە رێگەیەوە بوونی هێزە سەربازییە ئەمەریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێت کۆتایی بەو رێککەوتنە بهێنن.
K24