یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

 یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
وەزارەتی دادی عێراق ژمارەیەکی نوێی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کردەوە کە تێیدا یاسای بودجەی گشتیی ٢٠١٩ی عێراق بڵاو کراوەتەوە و بەو جۆرەش یاساکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.



کامل ئەمین هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقایعی عێراقی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی شوباتی ٢٠١٩، ژمارە ٤٥٢٩ی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوە و بەو شێوەیەش یاساکە بە کردەیی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



باسیشی لەوە کردووە کە جگە لە یاسای بودجە، چەند یاسایەکی ئاسایی و یاسایەکی فەرعیی دیکە (سیستەم و ڕێنمایی) لە ڕۆژنامەکەدا بڵاو کراوەتەوە.



پێشتر چەندان جار بەرپرسان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ناهێڵدرێت. لە پرێس کۆنفرانسێکیشدا پرسیار لە فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق کرا کە ئاخۆ کەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرن؟ لە وەڵامدا گوتی: “هەر کاتێک یاسای بودجە بە فەرمی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوکرایەوە، ئێمە دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین”.





باسنیوز
Top