ئەوس خەفاجیی بە مەرجێك ئازاد كراوە کە جارێکی دیکە باسی ئێران و مەرجەعەکەی نەکات

ئەوس خەفاجیی بە مەرجێك ئازاد كراوە کە جارێکی دیکە باسی ئێران و مەرجەعەکەی نەکات
هۆکاری راستەقینەی دەستگیرکرانی سەرکردەیەکی میلیشیای حەشدی شەعبی ئاشکرا دەبێت.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سکای نیوز)، دەزگای ئاسایشی حەشدی شەعبی ئەوس خەفاجیی سەرۆکی میلیشیای کەتیبەکانی ئەبولفەزڵ عەباسی ئازاد کرد، کە هەفتەی رابردوو دەستگیر کرا.



سکای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عەشایریی عێراقییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە حەشدی شەعبی ئەشکەنجەیەکی ”دڕندانە“ی ئەوس خەفاجی داوە و هۆشداریی پێدراوە، کە جارێکی دیکە باسی ئێران و مەرجەعەکەی نەکات.



ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە سەرۆکی میلشیای کەتیبەکانی ئەبولفەزڵ عەباس بەهۆی تۆمەتبارکردنی ئێران و دارودەستەکانی لە عێراق بە کوشتنی عەلا مەشزوبی نووسەر و رۆماننوسی عێراقی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، دەستگیر کرا.



ئەوس خەفاجی رەخنەی لە ئێران گرتبوو و رایگەیاندبوو، کە عێراق ماوەی 13 ساڵ سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی لە نەجەف لەخۆگرت، بەڵام ئەوان دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەیان، ”شەڕیان دژی عێراق راگەیاند“.



ئێوارەی رۆژی شەممە 2-2-2019، چەند چەکدارێک دەستڕێژی گوللەیان لە عەلا مەشزوب، نووسەر و رۆماننووسی بەناوبانگی عێراقی کرد و بە 13 گوللە، کوشتیان.



عەلا مەشزوب لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دوای کوژرانیشی، هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کرد، کە ئەو نووسەرە بەهۆی وتارێکەوە، کە تێیدا رەخنەی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، کە لە ساڵی 1979ـەوە دەسەڵاتی ئێرانی گرتە دەست، گرتبوو.


باسنیوز
Top