عێراق پەیامێکی توند بۆ ئەمریکا دەنێرێت
رۆژی چوارشەممە 6-2-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، عادل عەبدولمەهدی و عەبدولناسر هیمەتی تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەردوولا و کاریگەریی سزا سەپێندراوەکانی ئەمریا بەسەر ئێرانیان کردووە و عەبدولمەهدی باڕاستەوخۆ پەیامێکی توندی بۆ ئەمریکا ناردووە و گوتویەتی، ”نابینە بەشێک لە سیستەمی سزاکان بەسەر ئێران“.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز