عادل عه‌بدولمه‌هدی داوایەك لە ترەمپ دەكات

عادل عه‌بدولمه‌هدی داوایەك لە ترەمپ دەكات
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا له‌ دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مەریكا ده‌كات له‌ قسه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی له‌باره‌ی بوونی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق پاشگه‌زببێته‌وه‌ و ره‌تیشیده‌كاته‌وه‌ هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مەریكی له‌ عێراقدا هه‌بێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا گوتی: "به‌كارهێنانی عێراق له‌لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ بێت ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواش له‌ تره‌مپ ده‌كەین له‌ قسه‌كانی پاشگه‌ز ببێته‌وه"‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی روونیشی كرده‌وه‌: "ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا بوونی هه‌یه‌، بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مەریكی نییه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك راهێنه‌رن له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی".

دووپاتیشی كرده‌وه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مەریكی له‌و باره‌وه‌ ناكۆكن و قسه‌كانیی ترەمپیش بێسوودن و ده‌بێت لێی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، هێزه‌كانیان له‌ عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران ده‌هێڵنه‌وه‌، ئەمەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا و زۆرێك لە سەركردە عێراقییەكان وەڵامی ترەمپیان دایەوە و شیعەكانیش ھەڕەشەی وەدەرنانی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.





K24 -
Top