حه‌شدی شه‌عبی نه‌وتی نه‌ینه‌وا بۆ خۆیان ده‌فرۆشن

حه‌شدی شه‌عبی نه‌وتی نه‌ینه‌وا بۆ خۆیان ده‌فرۆشن
ئه‌حمه‌د جبووری، په‌رله‌مانتاری عێراقی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: "به‌ تاڵانبردنی نه‌وتی گه‌یاره‌ له‌ پاریزگای نه‌ینه‌وا به‌رده‌وامه‌ و پێویسته‌ نه‌وتی عێراق له‌ ده‌ست ئه‌و گرووپانه‌‌ رزگار بكرێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "زیاتر له‌ 72 كێڵگه‌ی نه‌وت له‌ ناوچه‌ی گه‌یاره‌ی باشووری مووسڵ هه‌یه‌، پێشتر داعش نه‌وته‌كه‌ی ده‌برێت و بۆ حیسابێكی تایبه‌تی ده‌یفرۆشت. دوای رزگاركردنی مووسڵیش له‌ ده‌ست چه‌كدارانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌، چه‌ند لایه‌ن و گرووپی چه‌كدار، رۆژانه‌ 100 تانكه‌ر نه‌وتی خاو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌فرۆشن".

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، جبووری گوتوویه‌تی: "ئه‌و دزییه‌ به‌ رۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌ ئاگاداریی حكوومه‌ت ده‌كرێت، حكوومه‌تی پێشووی حه‌یده‌ر عه‌بادی و حكوومه‌تی ئێستای عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاگادارن، بێ ئه‌وه‌ی بتوانن كارێك بكه‌ن".

ده‌رباره‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی نه‌وتی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ تاڵان ده‌بات، جبووری گوتوویه‌تی: "ئه‌و نه‌وته‌ له‌ نه‌ینه‌واوه‌ ده‌برێته‌ بێجی، هه‌روه‌ها مه‌خموور، ده‌برێته‌ به‌سره‌ش وله‌ به‌نده‌ره‌كه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌".

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌سیل نوجێفی، سه‌ركرده‌ی حزبی "للعراق متحدون" و پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: "ئه‌و هه‌واڵانه‌ راستن، لایه‌نی چه‌كدار هه‌ن و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پارێزگاریی له‌ كێڵگه‌ و بیره‌ نه‌وته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كه‌ن و كه‌سیش ناتوانێت ده‌ست بخاته‌ كاروباریانه‌وه‌. دزینی نه‌وت له‌و ناوچانه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌".




K24
Top