پێشبینی دەکرێت یەکلابوونەوەی کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدولمەهدی، بۆ وەرزی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوا بخرێت

 پێشبینی دەکرێت یەکلابوونەوەی کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدولمەهدی، بۆ وەرزی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوا بخرێت
ئەگەر لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنی یەکلاکەرەوە روو نەدات ئەوە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناوماڵی هەر یەکە لە شیعەکان و سوننەکان پێشبینی دەکرێت یەکلابوونەوەی کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدولمەهدی، بۆ وەرزی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوا بخرێت و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو پرسە پەیوەندیی بە پەسەندکردنی بودجەوە نابێت.



لەم وەرزەی پەرلەمانی عێراقدا کە کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی دێت، پێشبینی ناکرێت کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدولمەهدی یەکلا ببێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی (باس)، کە لە سەرچاوەی ئاگادار لە بەغداوە پێی دراوە، پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە رێکنەکەوتنی ناوماڵی سوننە و شیعەکانەوە هەیە، چونکە پارتی و یەکێتی ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەکی کورد، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد.



ئێستا لە کابینە نوێکەی عادل عەبدولمەهدی، تەنیا وەزارەتەکانی (ناوخۆ و بەرگری و داد) ماونەتەوە، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەیان پێ بدرێت، وەزارەتی ناوخۆ لە پشکی شیعەکان و بەرگری لە پشکی سوننەکان و دادیش پشکی کوردە لەو حکوومەتە نوێیەی کە لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە پێکهێنراوە.



بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پارتی و یەکێتی لەسەر کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ پۆستی وەزارەتی داد رێک کەوتوون، بەڵام پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوەدایە، هەر سێ پۆستە وەزارییەکەی ماونەتەوە، بەیەکەوە دەنگدانیان بۆ بکرێت.



لە ناوخۆی شیعەکاندا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، کەوتووەتە نێوان بەرداشی ململانێی هەر یەک لە بەرەی بینا و ئیسلاح و رەوتی سەدر و دەوڵەتی یاسا، کە ناتوانێ بەهۆی ناکۆکیی ئەوانەوە، فالح فەیاز، بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق لەناو پەرلەمانی عێراقدا یەکلا بکاتەوە.



هاوکات، رەوتی سەدر، کە رابەرایەتیی لیستی سائیروون دەکات، لای خۆیەوە تا ئێستا سوورە لەسەر رەتكردنەوەی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، کە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشكەش بە پەرلەمان کراوە.



لای خۆشیانەوە، نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، رێگە نادەن هیچ كاندیدێك لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بگۆڕدرێت، كە بۆ پاشماوەی كابینە وەزارییەكە ئامادە كراون.


هاوپەیمانیی (چاكسازی و بنیاتنان)یش سوورە لەسەر گۆڕینی كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ، لەبەرامبەردا هاوپەیمانیی(بینا) پێداگری دەكات لەوەی تاكە كاندید بۆ ئەو پۆستە(فالح فەیازە).



لەلایەن سوننەکانیشەوە، تا ئێستا لەگەڵ ئەوەی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری دیارە، بەڵام لەوە ناچێت بڕیاری یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە پێدانی ئەو پۆستە بۆ سەلیم جبووری هەبێت، چونکە دەنگۆی جیاواز لەناویاندا سەبارەت بە پێدانی ئەو پۆستە بە سەلیم جبووری هەیە.



لەمبارەیەوە، د.محەمەد شاکر، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر لایەنە شیعە و سوننەکان کێشەکانیان لەسەر ئەو پرسە چارەسەر بکەن، ئەوا کورد کێشەیەکی وەهای نییە نەتوانێ ئەو پۆستە یەکلا بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا پارتی و یەکێتی ئەوەشیان کردووەتە پاکێجێک لەو پرسانەی کە لەنێوانیاندا هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دۆسێی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتیشی: “پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، ئەو پرسە لەم وەرزەی پەرلەمان یەکلا نەبێتەوە و بکەوێتە وەرزی داهاتوو، چونکە رێککەوتنی ناوماڵی شیعەکان زۆر قورسە، دواتر سوننەکانیش دابەشی سەر دوو بەرە بوون، ئەوەی هەیە تەنیا رێککەوتنی کورد ئاسانە لەسەر پۆستی وەزارەتی داد، کە ئێستا پارتی و یەکێتی لیژنەی تایبەتیان بۆ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە هەیە و لە یەکتری نزیکن، بۆ دەستنیشانکردنی کوردێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".



لای خۆشیانەوە،، جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری کورد لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ(باس) جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر بێت و لەم هەفتەیەدا شیعە و سوننە و کورد لەسەر پڕکردنەوەی ئەو سێ وەزارەتە رێک نەکەون، ئەوە یەکلابوونەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، دەکەوێتە دوای پشووی پەرلەمانی عێراق بۆ وەرزی داهاتووی لە مانگی بەهار، گوتیشی: “ئەوەندەی ئاگادار بین، پارتی و یەکێتی لیژنەیەکیان بۆ ئەو پرسە پێکهێناوە، بەڵام لە لایەن سوننە و شیعەکانەوە ئاگەداری هیچ جۆرە رێککەوتنێک نین".



ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، کە پرسی یەکلابوونەوەی کابینە نوێیەکەی عادل عەبدولمەهدی، پەیوەندیی بە پەسەندکردنی بودجەوە نابێت، گوتی: “تا ئێستا ئەو پرسەیان نەکراوەتە فشار بەسەر یەکلابوونەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، لەوەش ناچێت لایەنەکان دەست بۆ ئەو پرسە بەرن و بیبەستنەوە بە یەکەوە، چونکە ئەوە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستانەوە هەیە”.


بەڵام، سەنا موسەوی، پەرلەمانی هاوپەیمانیی بینا بۆ میدیا عێراقییەکان، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناکۆکیی ناوخۆیی هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق، شیعە و سوننە و کورد، رێگرە لەسەر یەکلاییکردنەوەی کاندیدانی ئەو سێ پۆستە و دانوستانەکانیش لەو بارەیەوە گەیشتوونەتە بنبەست، ئێستاش پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆکردنە لەسەر بودجەی گشتیی ساڵی 2019نەوەکوو یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.


جێی باسە، بەپێی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە ماوەی هەر یەکێکیان هەشت مانگە، وەرزی یەکەم لە یەکی ئازار دەست پێ دەکات بۆ 30ی حوزەیران و وەرزی دووەم لە یەکی ئەیلوول دەست پێ دەکات تا 31ی کانوونی یەکەم، بە مەرجێک لە وەرزی دووەمدا تا پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پەرلەمان نەکەوێتە پشووەوە.









باسنیوز
Top