سێ ناو بۆ پۆستی وەزارەتێکی کێشەلەسەری عێراق پێشنیاز دەکرێت

 سێ ناو بۆ پۆستی وەزارەتێکی کێشەلەسەری عێراق پێشنیاز دەکرێت
سێ ناو بۆ پۆستی وەزارەتێکی کێشەلەسەری حکوومەتی عێراق دەدرێتە سەرۆک وەزیران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-1-2019، محەمەد کەربولی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سوننەکان سێ ناوەکەیان داوەتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران.

هەروەک محەمەد کەربولی رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی ئازادە لە هەڵبژاردنی یەکێک لەو ناوانە بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق.


کەربولی ناوی سێ کەسەکەی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛



- سەلیم جبوری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

- لیوا هاشم دەڕاجی.

- عەبدولکەریم ئەلبو سودە، پەرلەمانتاری ئێستای عێراق.

زیاتر لە دوو مانگ و نیوە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگریی و دادی عێراق بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، دیاری نەکراون.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.

بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.










باسنيوز
Top