پارتى جه‌خت له‌ قه‌ده‌غكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه‌

 پارتى جه‌خت له‌ قه‌ده‌غكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه‌
شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ به‌غدا سه‌ردانى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا (به‌سه‌رۆكایه‌تی نوورى مالیكی) كرد و له‌و دیداره‌دا، چه‌ندین پرسى هاوبه‌ش، تاوتوێكران.

خه‌لِه‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د، سه‌رۆكى فراكسیۆنى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: "له‌دیداره‌كه‌دا چه‌ندین خاڵى هاوبه‌شى په‌یوه‌ست به‌ عێراق و كاروبارى په‌رله‌مان له‌هه‌ردوو بوارى یاسادانان و چاودێریكردن، خرانه‌ به‌رباس".

جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی هه‌ردوولایه‌ن له‌سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆن بوونه‌وه‌ و دواتر له‌ قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ئازادى له‌ 2003، باس كران. دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ نه‌هامه‌تییه‌ هاوبه‌شه‌كانى سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس، ئامرازێكی گرنگنه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا له‌یه‌ك نزیك بكاته‌وه‌. به‌پێویستیشی زانى، له‌پێناو پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان كه‌ خزمه‌ت به‌وڵات ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام بن.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى ده‌وڵه‌تى یاسا، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: "پێویسته‌ له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ى نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت بۆ به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك یاساكان ده‌ربكرێن، كه‌ خزمه‌ت به‌هاووڵاتییان بكه‌ن".

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكى شاندی پارتى دیموكراتى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانى هه‌ردوولا كردووه‌.

جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ بۆچوونه‌كان له‌پێناو ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه‌ و پێشنیازى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش كردووه‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، چه‌ندین پرسی دیكه‌ باسكراون، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ دۆخى ئه‌منى و ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌نه‌دان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان و دزه‌كردنیان بۆ نێو ده‌زگاكانى حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ كارى هاوبه‌ش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان و ڕێگه‌گرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى چالاكییه‌كانیان، هه‌روه‌ها باس له‌و خاڵانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ بودجه‌وه‌ هه‌یه‌، كرا.











باسنيوز
Top