گەنجێکی عەرەب لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە چەندین کچ ھەڵدەخەڵەتێنێ
ڕۆژی یەکشەممە 13/1/2019، کەناڵی (ئافاق)ی عێراقی بڵاوی کردەوە، کە گەنجێکی بەغدا دەستگیر کراوە، کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داوای وێنە لە کچان کردووە، دواتر داوای پارەی لێ کردوون و ھەڕەشەی لێ کردوون، کە ئەگەر پارەی پێی نەدەن، وێنەکانیان بڵاو دەکاتەوە.
تۆمەتبارەکە بە کەناڵەکەی گوتووە: "بەشێک لەو کچانەم لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناسیوە، دواتر داوای وێنەم لێ کردوون و دوای ماوەیەک ھەڕەشەم لێ کردوون، کە ئەگەر وێنەی ھاوڕێ و خێزانەکانیان بۆم نەنێرن، ئەوا وێنەکانیان بڵاو دەکەمەوە، ئینجا لەژێر ھەڕەشە پارە و زێڕم لێ وەرگرتوون".
باس لەوەش دەکرێت، کە ئەو گەنجە عەرەبە دوای ئەوەی پارە و زێڕیشی لەو کچانە وەرگرتووە، وێنەکانیانی بۆ خێزانەکانیان ناردووە، ھەروەھا خۆی بە جادووکەر ناساندووە و بە فێڵی جادوو وێنەی ھەندێک لە ئافرەت و کچی گرتووە، دواتر ھەڕەشەی لێ کردوون.
دوای ئەوەی کچێک لای پۆلیس داوا تۆمار دەکات، پۆلیسیش لەڕێگەی چەند کەسانێکی پسپۆڕی تەکنۆلۆژیا توانییان شوێنی تۆمەتبارەکە دیاری بکەن و دەستگیری بکەن، تۆمەتبارەکەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ھەروەھا دەست بەسەر کەرەستەکانی گیراوە.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە مۆبایلی تۆمەتبارەکەدا زیاتر لە ھەزار و 200 وێنە و ڤیدیۆی جۆراوجۆری کچان و ئافرەتانی تێدا بووە، بەشێک لەو کچانە خوار تەمەنی 18 ساڵین، تەنانەت چەند کچێکیان لە قوتابخانەی ناوەندین، تا ئێستاش زیاتر لە 200 کچ داوای یاساییان لەسەر ئەو تۆمەتبارە تۆمار کردووە.
ڕوونیش کراوەتەوە، کە ئەو تۆمەتبارە نزیکەی ھەشت مانگە ژیانی خێزانی پێک ھێناوە و جگە لەو شوققەیەی لێی دەژیا، شوققەیەکی دیکەی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە بە کرێ گرتووە.
باسنيوز