وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئێران گه‌یشته‌ به‌غدا و دواتر سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات

 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئێران گه‌یشته‌ به‌غدا و دواتر سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێكى گه‌وره‌ى سیاسی و ئابووری گه‌یشته‌ به‌غدا و، بڕیاره‌ جگه‌ له‌ دیدارى سه‌ركرده‌كانى به‌غدا و هه‌ولێر، به‌شدارى چه‌ند دیدارێكی ئابووریش بكات.

له‌یه‌كه‌م سه‌ردانیدا له‌دواى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئێران دواى نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ به‌غدا.

دوێنێ باڵیۆزخانه‌ى ئێران له‌ به‌غدا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ڕای گه‌یاند: "محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، بۆ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ده‌مى به‌یانییه‌كه‌ى، چاوی به‌هه‌ریه‌ك له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و محه‌ممه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كه‌وێت".

دواتر بۆ ڕۆژی سێشه‌ممه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئێران سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات و دواى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، به‌شداری له‌ دیدارێكی ئابوورى له‌نێوان بازرگانانى ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

سه‌ردانى محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، بۆ هه‌ولێر و به‌غدا، دواى چه‌ند ڕۆژێك دێت له‌سه‌ردانى مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و چاوكه‌وتنى به‌ سه‌رۆك بارزانى و مه‌سرور بارزانى و نێژیرڤان بارزانى دێت.











باسنيوز
Top