ئیسرائیل پلانی ئێران بۆ دروستكردنى سوپایه‌كی شیعه‌ له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات

 ئیسرائیل پلانی ئێران بۆ دروستكردنى سوپایه‌كی شیعه‌ له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات
گادی ئیزینكۆت، سوپاسالاری ئیسرائیل، له‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)دا، ڕای گه‌یاند: "ستراتیژی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌، سه‌رنج بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌ی ئێران، نه‌ك بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌زه‌، چونكه‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ دوژمنێكی لاواز ماندوو و لاوازت ده‌كات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌: "ئیسرائیل له‌سه‌ره‌تادا ئه‌و باره‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ى ئێرانی ده‌كرده‌ ئامانج كه‌ بۆ حزبوڵڵای لوبنانى ده‌نارد".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵدا، ئێران نزیكه‌ی‌ 16 ملیار دۆلاری له‌ دروستكردنی سوپایه‌ك له‌ میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ سووریا خه‌رج كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌، پرۆژه‌كه‌یان شكستى خواردووه‌.

سوپاسالارى ئیسرائیل، گوتیشی: "هه‌ست ده‌كه‌ین ئێران ستراتیژی خۆی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گۆڕیوه‌، له‌ ئێستادا سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر پێكهێنانی هێزێك له‌ شیعه‌كانی عێراق و ئه‌فغانستان و پاكستان، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 100 هه‌زار چه‌كدار".

گادی ئیزینكۆیت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ ساڵی 2016ـه‌وه‌، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی قه‌یله‌قی قودسی ئێران، توانیویه‌تی 30 هه‌زار له‌ پیاوه‌كانی له‌ سووریا، هه‌روه‌ها هه‌شت هه‌زار چه‌كدار له‌ میلیشیاكانی حزبوڵڵا و 11 هه‌زار چه‌كداری شیعی بیانی له‌ سووریا بڵاوبكاته‌وه.

پێشتر له‌ سه‌ره‌تاى ساڵی 2017، سوپا ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی ئیسڕائیلی به‌ده‌ستهێنا بۆ گۆڕانكاری له‌ رێكار و یاساكانى شه‌ڕكردن، له‌و كاته‌وه‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌كانی ئێران له‌ سووریا.

سوپا سالارى ئیسرائیل، گوتیشی: "قاسم سوله‌یمانی هه‌ڵه‌ی كرد له‌ خه‌مڵاندنه‌كانی، كه‌ وای بیر ده‌كرده‌وه‌ ده‌توانێت رووبه‌ڕووی ئێمه‌ ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌ی كرد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسڕائیل، چونكه‌ له‌لای ئێمه‌ ئه‌و زۆر لاوازه‌، ئێمه‌ له‌ رووی هه‌واڵگرییه‌وه‌ زۆر به‌سه‌ر ئه‌ودا سه‌ركه‌وتووین و له‌ڕووی ئاسمانییشه‌وه‌ به‌رپه‌چكدانه‌وه‌ی به‌هێزمان هه‌یه".










باسنيوز
Top