هاوپەیمانیی سوننەکان: کاندیدی داد و بەرگری یەکلا بوونەتەوە

 هاوپەیمانیی سوننەکان: کاندیدی داد و بەرگری یەکلا بوونەتەوە
هاوپەیمانیی میحوەری نیشتمانی (سوننەکان) لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە کاندیدی هەردوو پۆستی وەزیرانی بەرگری و دادی حکوومەتی عێراق، یەکلابوونەتەوە.



میقدام ئەلجومەیلی، پەرلەمانتاری میحوەری نیشتمانی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، تا ئێستا ناکۆکییەکی زۆر لەسەر کاندیدی پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق هەیە.



میقدام ئەلجومەیلی هەروەها رایگەیاندووە، هاوپەیمانییەکەی چەند ناوێکی بۆ عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی وەزیری بەرگری ناردووە و تا ئێستا سەلیم جبوری بەهێزترین کاندیدە و شانزی وەرگرتنی ئەو وەزارەتەی لە هەموو ناوەکانی دیکە زیاترە.



ئەو پەرلەمانتارەی محوەری نیشتمانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کاندیدی وەزارەتی دادیش یەکلا بووەتەوە، کە حاکم رزگار محەمەد ئەمینە.



زیاتر لە دوو مانگ و نیوە دیاریکردنی وەزیری ناوخۆی عێراق بەهۆی پێداگریی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر فالح فەیاز و رەتکردنەوەی لەلایەن هاوپەیمانیی سائیرون، یەکلا نەبووەتەوە.



عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.



بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.



باسنيوز
Top