دەوڵەتی یاسا جەخت لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ وەزارەتی داد دەکاتەوە
رۆژی دووشەممە 7-1-2019، میدیا عێراقییەکان نووسراوێکی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقین بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە کاندیدانی عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سێ وەزارەت، کراوە و بریتین لە؛
- فالح فەیاز، کاندیدی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ.
- سەلیم جبوری،، کاندیدی پۆستی وەزیری بەرگری.
- حاکم رزگار محەمەد ئەمین، کاندیدی پۆستی وەزیری داد.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەو نووسراوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەو نووسراوە ساختەیە و عادل عەبدولمەهدی بۆ نووسراوێکی لەو شێوەیەی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-1-2019، بەهائەدین نوری، گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا رايگەیاند، تا ئێستا نووسراوەکەی عەبدولمەهدی نەگەیشتووەتە پەرلەمان و ”ئەگەر هەیە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بگات“.
بەهائەدین نوری جەختی لەوە کردەوە، کە لە نووسراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ناوی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و حاکم رزگار بۆ پۆستی وەزیری داد، هاتوون.
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 8-1-2019، پەرلەمان بۆ دیاریکردنی وەزیرانی ناوخۆ، بەرگریی و داد کۆ ببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە 10-1-2019، دواخرا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، پۆستی وەزیری داد وەربگرێت. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێداگری لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێکی دیکە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند، پارتی پێیوایە بەپێی شایستەی هەڵبژاردنی خۆی، دەبێت پۆستی وەزارەتێکی دیکەی عێراقی پێ بدرێت.
زیاتر لە دوو مانگە دیاریکردنی وەزیری ناوخۆی عێراق بەهۆی پێداگریی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر فالح فەیاز و رەتکردنەوەی لەلایەن هاوپەیمانیی سائیرون، یەکلا نەبووەتەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە.
باسنيوز