عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق: خۆمان بۆ په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماده‌ ده‌كەین

عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق: خۆمان بۆ په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماده‌ ده‌كەین
عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكه‌ ئاشكرای كردووه‌، چاودێریی بڵاوبوونه‌وه‌و جووڵه‌ی نوێی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو عێراقدا ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق ده‌سته‌وه‌ستان بن به‌رامبه‌ریان، ئه‌و كاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماردانیان له‌سه‌ره‌.

جه‌واد ته‌لیباوی، گوته‌بێژی سه‌ربازیی به‌ناوی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: "لای گه‌لی عێراق شاراوه‌ نییه‌، گه‌ڕانی جه‌نه‌راڵ ئۆستن به‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا، پێشێلكارییه‌كی روونی سه‌روه‌ری عێراقه‌، جگه‌ له‌وه‌ش دوژمنایه‌تی و ته‌حه‌دای ئیراده‌ی گه‌لی عێراقه‌ كه‌ بوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ھێزه‌ بیانییه‌كان له‌ناو خاكی عێراقدا ره‌تده‌كاته‌وه‌".

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئێمه‌ به‌ چاوی تووڕه‌ییه‌وه‌ ته‌ماشای سووڕانه‌وه‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ین".

ئه‌و گوته‌بێژه‌ سه‌ربازییه‌ی عه‌سائیب هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌ رووی دیپلۆماسییه‌وه‌ ده‌سته‌ پاچه‌ مانه‌وه‌ له‌ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ به‌ره‌و رووی داگیركاریی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌بینه‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ چه‌ندین ناوچه‌ی عێراقیان داگیر كردووه‌، هه‌روه‌ها سنوورێكیش بۆ جووڵه‌ی سه‌ربازه‌كانیان له‌ ناوچه‌ و پارێزگاكانی وڵات داده‌نێین".

له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هه‌واڵگری ئیسرائیل، یاوه‌ری سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكایان كردووه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ناو بازاڕی به‌غدای پایته‌خت.

عه‌باس علێوی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری رایگه‌یاند، لێژنه‌كه‌یان دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌واڵگری ئیسرائیلیش له‌گه‌ڵیان بووه‌‌ له‌كاتی‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شه‌قامی موته‌نه‌بی ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت.

علێوی بۆ میدیا عێراقییه‌كان ده‌ڵێت: "هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه‌ هاتنه‌ عێراق، هه‌واڵگری زایۆنیش له‌گه‌ڵیان هاتن، ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییانه‌ی هاتنه‌ شه‌قامی موته‌نه‌بیش، تێكه‌ڵه‌یه‌ك بووه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكی و زایۆنییه‌كان".

علێوی باس له‌وه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی چوارچێوه‌ی یاسایی و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌بوایه‌ فه‌رمانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، جلی سه‌ربازی داكه‌نن و به‌ جلی مه‌ده‌نییه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن و ده‌ڵێت: "به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌ عێراقییه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكایان كردبا، ده‌بوایه‌ جله‌ سه‌ربازییه‌كانیان به‌ مه‌ده‌نی بگۆڕێت".



K24
Top