پەرلەمانتارێکی عێراق: سبەی کێشەی وەزیری ناوخۆ یەکلا دەبێتەوە
عەباس سەروت، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 8-1-2019، پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دەنگ لەسەر کاندیدی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پەروەردە و داد دەدات.
عەباس سروت هەروەها رایگەیاندووە، تاکە کاندیدی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەزارەتی ناوخۆ، فالح فەیازە و ”هەرگیز ناگۆڕدرێت“.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەمەدا، فالح فەیاز وەک کاندیدی پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق پێشکەش دەکرێت.
عەباس سروت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە متمانەبەخشین بە کاندیدی وەزارەتەکان بە دەتس بەرزکردنەوە دەبێت و ”ئەگەر پێویستیش بکات، دەنگدان دەکەینە نهێنی“.
زیاتر لە دوو مانگە دیاریکردنی وەزیری ناوخۆی عێراق بەهۆی پێداگریی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر فالح فەیاز و رەتکردنەوەی لەلایەن هاوپەیمانیی سائیرون، یەکلا نەبووەتەوە.
ادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە.
باسنيوز