پەرلەمانتارێک: وەقفی مەسیحی چاوپۆشیی لە فرۆشتنی کەنیسەکانی عێراق دەکات
جۆزێف سڵێوە، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق بە (RT)ی راگەیاندووە، کەنیسەی سریانی رەزامەندیی لەسەر تێکدان و بونیاتنانی باڵەخانەیەکی بازرگانی لە شوێنی کەنیسەی سریان کاسۆلیک لە ناوچەی شۆریجەی بەغدا داوە.
جۆزێف سڵێوە هەروەها رایگەیاند، بەپێی یاسای وەقفی مەسیحی، نابێ موڵکەکانی وەقفەکە بفرۆشرێت، تەنیا دەتواندرێ بگۆڕدرێ یان بەکرێ بگیرێ.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ژمارەیەکی زۆری موڵکەکانی مەسیحییەکان فرۆشراون و کەسیش نازانێ پارەی ئەو موڵکانە چی بەسەر هاتووە و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر چاوپۆشیی وەقفی مەسیحی و پیاوانی ئاینی لەبەرامبەر وێرانکردن و فرۆشتنی موڵکەکانی مەسیحییەکان.
لە عێراق، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەیان میلیشیا و گرووپی تائیفی، ژیانی مەسیحییەکان کەوتووەتە بەر مەترسی و بەردەوام رووبەڕووی کوشتن و تەقاندنەوەی کەنیسەکان دەبنەوە.
بەهۆی بارودۆخی خراپیان لە عێراق، هەزاران هاووڵاتیی مەسیحی لە شارەکانی ئەو وڵاتە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە لە کوردستان ئازادیی ئاینی و مەزهەبی بۆ هەموو کەسێک فەراهەم کراوە.
باسنيوز