هێزێکی ئەمریکی دەچێتە شەقامی موتەنەبی لە بەغدا
سەعد مەتڵەبی، ئەندامی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لە لێدوانێکدا هۆکاری چوونی هێزەکەی ئەمریکای بۆ شەقامی موتەنەببی، ئاشکرا کرد.
سەعد مەتڵەبی رایگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەوە نییە و نازانێ بە رەزامەندیی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بووە یان هێزەکە بەخۆی بڕیاری چوونەکەی داوە.
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا هەروەها رایگەیاند، ئامانج لە چوونی هێزەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا ناردنی پەیامێکە بۆ ئێران.
سەعد مەتڵەبی پێی وایە لە ململانێی ئێران و ئەمریکا، عێراق زیەرەرمەندی یەکەم دەبێت، چونکە ئەو دوو وڵاتە زلهێزن و عێراق توانای خۆڕاگرتنی بەرامبەر زیانەکانی ئەو ململانێیە لەسەر خاکەکەی، نییە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی شەممە 5-1-2019، هێزێکی ئەمریکی چووەتە شەقامی موتەنەببی لە بەغدا و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی توندی هاووڵاتییانی بەغدا.
شەقامی موتەنەببی، یەکێکە لە شەقامە سەرەکی و ناسراوەکانی بەغدا و زۆرینەی کتێبفرۆش و کتێبخانەکانی ئەو شارە، کەوتوونەتە ئەو شەقامە.
باسنيوز