دوای ترەمپ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش عێراق فەرامۆش دەکات

 دوای ترەمپ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش عێراق فەرامۆش دەکات
دوای سەردانە لەناوکاو و نهێنییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش عێراق بە هەند وەرناگرێت.



بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات و گەشتەکەش لە رۆژی 8-1-2019 دەست پێ دەکات و تا 15ـی هەمان مانگ، بەردەوام دەبێت.



هەروەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، مایک پۆمپیۆ لەو گەشتەیدا سەردانی هەریەکە ریازی پایتەختی سعودیە، عەممانی پایتەختی ئوردن، قاهیرەی پایتەختی میسر، مەنامەی پایتەختی بەحرێن، ئەبو زەبیی پایتەختی ئیمارات، دەوحەی پایتەختی قەتەر، مەسقەتی پایتەختی عومان و کوێتی پایتەختی کوێت دەکات.



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئوردن، تاوتوێی پەیوەندییەکانی بەغدا و عەممان دەکات.



هەرچەندە عێراق یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتا چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکی لێیە، بەڵام وەک لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبینرێ، مایک پۆمپیۆ سەردانی عێراق ناکات و ئەو وڵاتە و بەرپرسانی حکوومەتەکەی فەرامۆش دەکات.



پێشتریش لە شەوی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی 2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی گەیشتە عێراق و لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ سەرباز و فەرماندەکانی وڵاتەکەی کۆ بووەوە.



دۆناڵد ترەمپ لەو سەردانەیدا بۆ عێراق، کە دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا هەواڵی سەردانەکەی ئاشکرا کرا، هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبینی و تەنانەت هیچ کام لەو بەرپرسە عێراقییانە ئاگاداری سەردانەکەش نەبوون.






باسنيوز
Top