سەرکردەیەک هۆشداریی لە بەکارهێنانی سوننەکان دەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-1-2019، ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەرکردەیەکی سوننەمەزهەبەکانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هۆشدارییەکەی بڵاو کردووەتەوە.
ئەسیل نوجەیفی رایگەیاندووە، ”مەترسیدارترین“ کێشە کە رووبەڕووی کۆمەڵگەی عێراقی دەبێتەوە، بریتییە لە هاندانی خەڵکی رۆژئاوای عێراق (سوننەمەزهەبەکان) بۆ شەڕکردن لە دژی هێزە ئەمریکییەکان.
ئەو سەرکردەیەی سوننەمەزهەکەبان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەڕێی نزیکبوونەوە لە سەرکردە سوننییەکان، هەوڵ دەدات ”شەڕی بە وەکالەت“ بە سوننەکان بکات.
ئەسیل نوجەیفی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەکارهێنانی سوننەمەزهەکانی عێراق لە ”شەڕی بەوەکالەت“ی نێوان ئەمریکا و ئێران، مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی دروست دەکات.
باسنيوز