هێزێكی سەر بە میلیشیایی عێراقی پلانی بۆ په‌لاماردانی تره‌مپ داڕشتبوو

هێزێكی سەر بە میلیشیایی عێراقی پلانی بۆ په‌لاماردانی تره‌مپ داڕشتبوو
سه‌ركرده‌یه‌كی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ڵیت: "سه‌درییه‌كان پلانیان داڕشتووه‌ كاتێك دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دێته‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار، بیكه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵام دواتر فه‌رماندراوه‌ دان به‌خۆیاندا بگرن".

جه‌لیل نووری، سه‌ركرده‌یه‌كی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در له‌وباره‌یه‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "ده‌مه‌وێت نهێنییه‌ك ئاشكرا بكه‌م كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گه‌وره‌ترین رووداوی عێراق هه‌یه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌دا روویدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌م "سه‌در" كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی پێڕاگه‌یاندم پێش ئه‌وه‌ی پی بخاته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌رگریكاران له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییه‌ دوو شوێنیان دیاریكرد كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تره‌مپ سه‌ردانی بكات، یان سه‌ربازگه‌ی تاجی له‌ به‌غدا، یان بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار، گه‌نجه‌كان خۆیان به‌ ته‌واوه‌تی بۆ ئاماده‌كرد و چاوه‌ڕێی فه‌رمان و ئاماژه‌یه‌ك بوون بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ ئامانج".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌رمان دراوه‌ دان به‌ خۆیاندا بگرن ئه‌وكاته‌، ئه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی باڵا جێده‌هێڵین بێ ئه‌وه‌ی مشتومڕ له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی بكه‌ین".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 26/12/2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌ردانێكی نهێنی گه‌یشته‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار و سه‌ردانه‌كه‌ی نیگه‌رانی زۆری لای به‌رپرسه‌ باڵاكانی عیراق درووستكرد، چونكه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان بكاته‌وه‌و چاوی به‌ هیچ به‌رپرسێكی باڵای عێراقی بكه‌وێت سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نجامدا و گه‌ڕایه‌وه‌.

تره‌مپ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌نھێنی سه‌ردانی عێراقی كردووه‌ نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی و گووتی: "جێگای داخه‌ ئه‌مه‌ریكا 7 ترلیۆن دۆلاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌رج كردووه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌ نهێنی بێینه‌ وڵاتێكی و بگه‌رێینه‌وه‌".



K24
Top