عەبدولمەهدی داوای دواخستنی کارێک لە پەرلەمان دەکات

 عەبدولمەهدی داوای دواخستنی کارێک لە پەرلەمان دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای دواخستنی کارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات.



بەپێی نووسراوێک، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، هێشتا کێشەی لایەنە شیعەکان لەسەر دیاریکردنی وەزیری ناوخۆ و لایەنە سوننییەکانیش لەسەر دیاریکردنی وەزیری بەرگری، یەکلا نەبووەتەوە.



عادل عەبدولمەهدی نووسراوەکەیئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوای کردووە دەنگدان بە کاندیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری نەخرێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان.



عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.



رۆژی سێشەممە 18/12/208، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لە کۆی هەشت وەزارەتە بەتاڵەکە، سێ وەزارەت پڕ کرانەوە و کاندیدی سێ وەزارەتیش رەت کرانەوە و متمانەیان پێ نەدرا، پڕکردنەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریش یەکلا نەکرایەوە.



بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە.




باسنیوز
Top