دوو بۆمب بە کاروانێکی پۆلیسی عێراقی لە نەینەوا تەقییەوە

 دوو بۆمب بە کاروانێکی پۆلیسی عێراقی لە نەینەوا تەقییەوە
دوو بۆمب لە باشووری شاری مووسڵ بە کاروانێکی پۆلیسی عێراقی تەقییەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک پۆلیس کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-12-2018، دوو بۆمب لە نزیک شارۆچکەی حەزەر لە باشووری شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا تەقیونەتەوە.

بۆمبەکان بە کاروانێکی پۆلیسی عێراقیدا تەقیونەتەوە و بوونەتە هۆی کوژرانی دوو پۆلیس و برینداربوونی پێنج پۆلیسی دیکە.

نەقیب ئەحمەد ئەلعوبەیدی لە پۆلیسی نەینەوا بە میدیاکانی راگەیاندووە، هێزەکانی پۆلیس تەرمی سێ پۆلیسیان لە نزیک سەربازگەی غەزلانی لە باشووری مووسڵ دۆزیوەتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان، لە بازگەیەکی ناوچەکە رفێندرابوون.

بەهۆی ناکارایی هێزە عێراقییەکان، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی توندڕەو و تیرۆریستی لە شەقام و شارەکانی عێراق بەتایبەت لە بەغدای پایتەختی، بڵاو بوونەتەوە و رۆژانە کردەی تیرۆریستی، کوشتن، رفاندن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن و هێزە ئەمنییەکانیش توانای کۆنتڕۆلکردن و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانیان نییە.











باسنيوز
Top