عەبادی راگەیەندراوێک لەبارەی سەردانە نهێنییەکەی ترەمپ بۆ عێراق بڵاو دەکاتەوە

 عەبادی راگەیەندراوێک لەبارەی سەردانە نهێنییەکەی ترەمپ بۆ عێراق بڵاو دەکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق راگەیەندراوێک لەبارەی سەردانە نهێنییەکە سەرۆکی ئەمریکا بۆ پارێزگای ئەنبار، بڵاو دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-12-2018، نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ”لەگەڵ بنەماکانی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی وڵاتان یەک ناگریتەوە و رەتی دەکەینەوە“.

حەیدەر عەبادی پێی وایە وڵاتەکەی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و خۆی سەلماندووەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەو سەردانەی هەوڵی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ دواوە دەدات.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەردانەکەی ترەمپ بە نهێنی زیان بە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن دەگەیەنێت و ”دەبێ هەموو وڵاتانی جیهان بزانن عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری، لە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانە“.

شەوی چوارشەممە 26-12-2018، میدیا ئەمریکییەکان بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری لەناو هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، بڵاویان کردەوە، کە ترەمپ لە کۆتاییەکانی شەوی جەژنی لەدایکوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) بە سەردانێکی نهێنی گەیشتووەتە عێراق و لە سەربازگەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان کۆ بووەتەوە.

ئەو سەردانە نهێنییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بووەتە هۆی ناڕەزایی لایەنە عێراقییەکان و پێیان وایە ترەمپ بە ئاشکرا سنووری عێراقی بەنایاسایی بەزاندووە و پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی کردووە.

دۆناڵد ترەمپ دوای سەردانەکە، هۆکاری بە نهێنیی چوونی بۆ عێراق بۆ ”مەترسیی ئەمنی“ گەڕاندەوە، کە سەرەڕەای ئەوەی ئەمریکا حەوت تریلیۆن (حەوت هەزار ملیار) دۆلاری بۆ سەقامگیریی عێراق خەرج کرد، کەچی ئەو ناچار بووە بۆ پاراستنی خۆی، بە نهێنی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.











باسنيوز
Top