ناکۆکیی گەورە دەکەوێتە نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی

 ناکۆکیی گەورە دەکەوێتە نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی
ناکۆکیی و ململانێی گەورە دەکەوێتە نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و رۆژنامەیەکی عەرەبی هۆکارەکانی ئاشکرا دەکات.



رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە هۆکاری زۆربەی ناکۆکییەکان بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە؛



- دەستکەوتی ماددی میلیشیاکان.

- دابەشبوونی میلیشیاکان لە پەیوەستبوون بە مەرجەعی عێراق و ئێران.



وەک ئەو رۆژنامەیە لە زاری سەرچاوەکانییەوە باسی کردووە، دیارترین ناکۆکیی ناو حەشدی شەعبی بریتییە لە ناکۆکیی نێوان (فیرقەی عەباسی قیتالی) و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبین.



فیرقەی عەباس پەیوەستبوونی خۆی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق راگەیاندووە و بەردەوامیش رەخنە لە پەیوەستبوونی ئەبو مەهدی موهەندیس بە ئێران و ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، مەرجەع و رێبەری باڵای ئێران، دەگرێت.



ناکۆکییەکان زۆرتر دوای چەند بڕیارکی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دروستبوون، کە گوشاری دارایی و ئیداریی زۆری خستە سەر فیرقەی عەباس و بڕیاری دا ئەو فیرقەیە بخرێتە سەر حەشدی شەعبی لە فوراتی ناوەڕاست و چیتر پابەندی عەتەبی عەباسی لە کەربەلا نەبێت.



هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، پێشتر سەباح ئیزیرجاوی، فەرماندەی (کەتیبەکانی ئیمام عەلی)، کە بە هەمان شێوە پەیوەستن بە مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، رایگەیاندبوو، ناکۆکییەکی زۆر لەنیوان میلیشیاکان هەیە، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان پابەندی مەرجەعی باڵای عێراقن و بەشێکیشیان پابەندی مەرجەعی باڵای ئێرانن، ”ناکۆکیی ئیداری، سەربازی، فکری و عەقیدەییمان هەیە“.



دوای هەرەسهینانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2014 لە زیاتر لە 60 میلیشیا دروست بوو. هەرچەندە بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراق وەک هێزێکی وڵاتەکە ناسێندراون، بەڵام سەرکردە سوننەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو میلیشیایانە تائیفین و کاری نایاسایی و نامرۆڤانە بەرامبەر سوننەمەزهەبەکان ئەنجام دەدەن.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.



باسنیوز
Top