دوو وڵاتی عەرەبی دژایەتیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی سودان راگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە 23/12/2018، وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن لە بەیاننامەیەکدا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی سودان نیشان دا و رایگەیاندووە، سودان رۆڵێکی برایانەی لە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی عەرەبی لە دژی حوسییەکانی یەمەن گێڕاوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی سودان بە سەرۆکایەتیی عومەر حەسەن بەشیر هەموو هەوڵێک بۆ خۆشگوزەرانیی گەلەکەی دەدات.
پێشتریش تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عومەر حەسەد بەشیری سەرۆکی سودان کردبوو و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ حکوومەت و رژێمی ئەو وڵاتە، نیشان دابوو.
پاڵپشتیی ئەو دوو وڵاتە لە حکوومەتی سودان لە دژی خۆپپیشاندەران لەکاتێک دایە، کە رووبەری خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و تا ئێستا 28 شاری گرتووەتەوە و 22 خۆپیشاندەریش بە گوللەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی سودان، گیانیان لەدەست داوە.
ئەو خۆپیشاندانانە لە رۆژی چوارشەممە 19/12/2018ـەوە لە هەردوو شاری شەمال و پۆرسودان لە رۆژهەڵاتی سودان لە دژی گرانبوونی نان و نەبوونی کار و ئازادی، دەستیان پێ کردووە.
بۆ کپردنی دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەران، حکوومەتی سودان بڕیاری راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە سەرانسەری وڵاتەکەی، داوە.
باسنيوز