دوو وەزارەت رێگرن لەبەرەم تەواوبوونی کابینەکەی عەبدولمەهدی
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە کاتژمێر 1ـی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 23/12/2018 ئەنجام دەدرێت، پەرلەمان سێ تەوەر تاوتوێ دەکات، کە بریتین لە؛
- گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکان.
- دەنگدان لەسەر پرۆژەبڕیارێک لەبارەی ئەو زیانەی بە سامانی ماسی لە عێراق کەوتووە.
- گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵکردنی کۆمپانیاکانی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان.
هەرچەندە پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە متمانەبەخشین بە کاندیدانی ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
رۆژی سێشەممە 18/12/208، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لە کۆی هەشت وەزارەتە بەتاڵەکە، سێ وەزارەت پڕ کرانەوە و کاندیدی سێ وەزارەتیش رەت کرانەوە و متمانەیان پێ نەدرا، پڕکردنەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریش یەکلا نەکرایەوە.
باسنیوز