په‌رله‌مانى عێراق كوردى له‌ ده‌سه‌ڵاتێكى باڵا بێبه‌ش كرد

 په‌رله‌مانى عێراق كوردى له‌ ده‌سه‌ڵاتێكى باڵا بێبه‌ش كرد
فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ ده‌نگدانى په‌رله‌مان گرت، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر بۆ ئه‌ندامێتى دادگاى ته‌میزی فیدڕاڵی هه‌ڵبژێردران، به‌ بێ ئه‌وه‌ى كاندیده‌ كورده‌كانیان تێدا بێت.

به‌هار مه‌حموود، په‌رله‌مانتارى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا ڕای گه‌یاند: "دوو له‌و پێنج دادوه‌ره‌ى هه‌ڵبژێردران، ته‌مه‌نى یاساییان تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌دایكبووى ساڵى 1952ـه‌ و ئه‌وی دیكه‌ش 1951ـه‌".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ كاندیده‌ كورده‌كان هه‌موو مه‌رجه‌كانیان تێدایه‌ و ته‌مه‌نیشیان یاساییه‌: "ته‌مه‌نى خانه‌نشینیان تێنه‌په‌ڕاندووه‌".

لاى خۆیه‌وه‌، ڤیان سه‌بڕى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان، داواى كرد نوێنه‌رى كوردیش له‌ دادگاكه‌دا بوونى هه‌بێت، گوتیشی: "كاندیدی خۆمان له‌ دادوه‌ره‌كانى دادگاكانى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ڵام پشتگوێ خران".

دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌ده‌ركردنى كورد له‌ نوێنه‌رایتی كردن له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ پرۆسه‌یه‌كی ده‌نگداندا، پێنج دادوه‌رى بۆ دادگاى ته‌میزی فیدڕاڵی هه‌ڵبژارد كه‌ بریتین له‌:

نوعمان كه‌ریم ئه‌حمه‌د، كازم عه‌باس حه‌بیب، محه‌ممه‌د قاسم محه‌ممه‌د، محه‌ممه‌د عه‌بد عه‌لى شه‌دهان و حه‌سه‌ن فوئاد مونعم.











باسنيوز
Top