پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و پرسی وەزارەتە بەتاڵەکانیش یەکلا نەبووەتەوە

 پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و پرسی وەزارەتە بەتاڵەکانیش یەکلا نەبووەتەوە
پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و پرسی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانیش لە بەرنامەی کاریدا نییە.



بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە کاتژمێر 1ـی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 22/12/2018 ئەنجام دەدرێت، پەرلەمان سێ تەوەر تاوتوێ دەکات، کە بریتین لە؛



-دەنگدان لەسەر دادوەرانی پاڵێوراو بۆ دادگای تەمیزی فیدڕالی.

- پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف.

- خستنەڕووی راپۆرتی لێژنەی پەروەردە تایبەت بە پلەی فەرمانبەران.



هەرچەندە هەفتەی رابردوو پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی خرایە ئەم هەفتەیەوە، بەڵام لە بەرنامەی کاردا ئەو پرسە دانەنراوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ یەکلانەبوونەوە و رێک نەکەوتنی لایەنەکان.



عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.



رۆژی سێشەممە 18/12/208، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لە کۆی هەشت وەزارەتە بەتاڵەکە، سێ وەزارەت پڕ کرانەوە و کاندیدی سێ وەزارەتیش رەت کرانەوە و متمانەیان پێ نەدرا، پڕکردنەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریش یەکلا نەکرایەوە.



باسنیوز
Top