"پێش ساڵی نوێ كابینەی حكوومەت تەواو دەكرێت"

به‌هاددین نووری، گوته‌بێژی كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا پێیوایه‌، پێش سه‌ری ساڵی نوێ پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق پڕده‌كرێنه‌وه‌ و رێككه‌وتنێكی سیاسی په‌یوه‌ست به‌و دۆسێیه‌ ئاشكرا كرد.

گوته‌بێژی كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا گوتوویه‌تی: "په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یانه‌وێت پێش پشووه‌كانی سه‌ری ساڵی زایینی، سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، جا چ به‌ ته‌وافووق بێت یان ئازادیی ته‌واو بدرێته‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران خۆیان ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیده‌كان بده‌ن".

به‌هاددین نووری، پێشبینكردووه‌، له‌ خشته‌ی دانیشتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 18/12/2018 ده‌نگ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بدرێت، هه‌موو پۆسته‌كانیش به‌ یه‌ك پاكێج یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌و به‌ش به‌ش نه‌كرێن و سه‌رۆك وه‌زیران پێكه‌وه‌ بیانخاته‌ روو".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێده‌چێت عادل عه‌بدولمه‌هدی، رێگای دووه‌م هەڵبژیرێ بۆ پێشكه‌شكردنی ناوی هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ و ئازادیی ته‌واو بدرێته‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێبده‌ن یان نا".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، داواكاریی به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌واوكردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان دیموكراسیانه‌ بێت و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت تێیپه‌ڕێنێ یان ره‌تیبكاته‌وه‌ با له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات".





K24
Top