فەیاز: پاشەکشە لە کاندیدى وەزارەتى ناوخۆ ناکەم
ئەمرۆ لە ئاهەنگى هاوپەیمانى بنیاتنان کە بەبۆنەى رۆژى سەرکەوتن بەسەر داعشدا رێکخرابوو، فالح فەیاز رایگەیاند: " یەکێکم لە كاندیدەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆ پڕکردنەوەى پۆستى وەزارەتەکان، بەهیچ شێوەیەک راناكەم لەو بەرپرسیارێتییەی دەخرێتە ئەستۆم".
فەیاز وتیشى: " کاندیدکردنم بۆ پۆستى وەزارەتى ناوخۆ لە دەسەڵاتى عادل عەبدولمەهدی سەرۆكى حکومەتدایە، بڕیار لاى خۆیەتى کە چى دەوێت ئەوەش مافى خۆیەتى، بەڵام بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر خۆ کاندیدکرنم ناکەم و پاشەکشە ناکەم".
هیواشى خواست سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق نەکەوێتە ژێر فشارو کاریگەرى هیچ کەس و هێزێکى سیاسى عێراق.
ناکۆکییەکانى هاوپەیمانى چاکسازى و بنیاتنان و ئەو ئاڵۆزیانەى لە ماوەى ڕابردوو لە پەرلەمانى عێراق لەسەر پۆستى وەزارەتى ناوخۆ دروست بوو، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى دواکەوتنى تەواوکردنى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى دادەنرێت، لە ئێستاشدا هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن تا لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممە پەرلەمانى عێراق بتوانێت متمانە بداتە کاندیدەکان و چیتر ئەو هەشت وەزارەتەى کە ماون بە بەتاڵى نەمێننەوە.
خەندان