كازم ساهر به‌ده‌م داواكاریه‌كی موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ دێت

كازم ساهر به‌ده‌م داواكاریه‌كی موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ دێت
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی عێراقی، كازم ساهر ره‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در نیشاندا، كه‌ داوای لێ كردبوو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات، كه‌ گۆرانییه‌كه‌ی به‌ناوی "سلام علیك" بكرێته‌ مارشی نیشتیمانی.

به‌گوێره‌ی تۆڕی "نه‌واعم"ـی عه‌ره‌بی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌ به‌و مه‌رجه‌ رازی بووه‌ گۆرانییه‌كه‌ی بكرێته‌ مارشی نیشتیمانی، كه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق، دوای ره‌زامه‌ندی فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، رێگه‌ی پێ بدرێت ڤیدیۆی سرووده‌كه‌ بگیرێته‌وه‌ و له‌سه‌ر ریتم و دابه‌شكاری ئیقاعی ئۆرگێسترا تۆماربكرێته‌وه‌‌.

مه‌رجێكی دیكه‌ی كازم ساهر، كه‌ ناوبانگی به‌ "قه‌یسه‌ر" ده‌ركردووه‌، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كۆرسی سرووده‌كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك قوتابی قوتابخانه‌كانی عێراق و خودی هونه‌رمه‌ند پێكبێت.

له‌مباره‌شه‌وه‌ سینان عه‌زاوی، ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری عێراقی رایگه‌یاند، پێشتریش سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ستایشی كازم ساهری كردبوو و به‌خێرهاتنی كردبوو بۆ تۆماركردنی سرودی "سه‌لام علیك.. علی رافدیك.. عراق القیم"، واتا "سڵاوت لێبێ.. سڵاو له‌ دوو رووباره‌كانت.. عێراقی به‌هاكان".

عه‌زاوی گوتی: "كاتێك به‌ر له‌ مانگ و نیوێك سه‌ردانی موقته‌دا سه‌درم كرد، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ستایشی كازم ساهری كرد و ئه‌و گۆرانیه‌شی كه‌ تۆماری كردبوو به‌ "سروودێكی نیشتیمانی" وه‌سف كرد و داوشی له‌ كازم ساهر كرد، ئه‌و مارشه‌ نیشتیمانییه‌ له‌ مووسڵ تۆمار بكات، چونكه‌ دوایین ناوچه‌ بووه‌ كه‌ له‌ده‌ست رێكخراوی داعش رزگاركراوه‌".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "پێشنیازم كردووه‌، مارشه‌كه‌ له‌شوێنی مناره‌ی حه‌دبای رووخاو تۆمار بكرێت"، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌و مناره‌یه‌ به‌ هه‌وڵه‌كان بۆ مانه‌وه‌ له‌ژیان جارێكی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ سه‌رپێ"، ئاشكراشیكرد، "داوام لێكراوه‌ خۆم به‌دوای ئه‌و بابه‌ته‌دا بچم و ئێستا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ په‌یوه‌ندیدام".

سروودی "سلام علیك" له‌ ساڵی 2008 تۆماركراوه‌، پێشتریش چه‌ندین داواكاری پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كراون، بۆئه‌وه‌ی بكرێته‌ مارشی نیشتیمانی.
k24-
Top