گومان لە گرێبەستە نەوتییە نوێیەكانی وەزارەتی نەوتی عێرق دەكرێ
نسێف كە پەرلەمانتاری سەر بەهاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكیە، لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە ئاشكرای كردووە بەگوێرەی مادەی ٦١ و مادەی٥٠ی سیستەمی ناوەخۆی پەرلەمان، پرسیارێكی پەرلەمانی ئاراستەی سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق كردووە.
پەرلەمانتارەكەی عێراق داوای روونكردنەوەی لە وەزیری نەوت كردووە لەبارەی هەموو ئەو گرێبەستانەی چەند كاتژمێرێك بەر لە بڕیاری ڕێكخراوی ئۆپك ئیمزا كراون، كە بڕیارەكە تایبەت بووە بەكەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت و بەم هۆیەشەوە نرخی نەوت راستەوخۆ دوای چەند كاتژمێرێك لە بەستنی گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوتی عێراق، بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بەمەش پارەیەكی زۆر لە دەست عێراق چووە لە فرۆشی نەوت و لە بەرانبەریشدا كڕیارەكان قازانجی خەیاڵیان كردووە.
جێی باسە پێشتریش چەندین جار گومان لە گرێبەستە نەوتیەكانی عێراق كراوە، بەڵام ئەم جارە لە چوارچێوەی حكوومەتی نوێی عێراق و لەسایەی پەرلەمانێكدایە كە زۆرینەی تێدا نیە و پێدەچێت ئەم بابەتە هەڵای زۆر بەدوای خۆیدا بێنێت.
باسنيوز