كازم ساهیر داواكه‌ى موقته‌دا سه‌در به‌مه‌رج جێبه‌جێ ده‌كات

 كازم ساهیر داواكه‌ى موقته‌دا سه‌در به‌مه‌رج جێبه‌جێ ده‌كات
هونه‌رمه‌ندی عێراقی كازم ساهیر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوایه‌كی موقته‌دا سه‌در ده‌ربڕی، كه‌ داواى لێكردبوو، گۆرانى "سه‌لام و عه‌له‌یك" بكات به‌ سروودی نیشتمانى عێراق.

به‌پێی تۆڕى "نه‌واعم"ى عه‌ره‌بى، كازم ساهیر مه‌رجى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ى سرووده‌كه‌ له‌ عێراق بگرێت و له‌ پێشدا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن ئه‌و گۆرانییه‌ بكرێته‌ سروودی نیشتمانى، پاشان گۆرانییه‌كه‌ به‌ ئۆركێسترا ئاماده‌ بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌رجێكى دیكه‌ى ئه‌وه‌یه‌، كۆڕاڵى سرووده‌كه‌ له‌ قوتابیانى قوتابخانه‌ عێراقییه‌كان بن.

پێشتر وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر سینان عه‌زاوى ڕای گه‌یاندبوو، موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در، پێشوازى له‌سه‌ردانه‌كه‌ى كازم ساهیر كردبوو، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ژى.

عه‌زاوى له‌ پێگه‌ى خۆى له‌ فه‌یسبووك، بڵاوی كرده‌وه‌: "كاتێك سه‌ردانى سه‌درم كرد، ده‌ستخۆشى له‌ ساهیر كرد و پیرۆزبایی سرووده‌كه‌ى كرد كه‌ به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا دووباره‌ وێنه‌ى ده‌گرێته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ سه‌در پێشنیازی كردووه‌ سرووده‌كه‌ له‌ مه‌ناره‌ى حه‌دبا له‌ مووسڵ وێنه‌ بگیرێت و داواشى لێكردووه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكات.

جێی ئاماژه‌یه‌، كه‌ گۆرانی "سه‌لام وعه‌له‌یك.."ى كازم ساهیر، له‌ ساڵى 2008 له‌كاتى شه‌ڕى تایفیی تۆمار كراوه‌، زۆرێك له‌ چالاكوانان داوایان كردووه‌ بكرێته‌ سروودی نیشتمانى عێراق.











باسنيوز
Top