ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن

 ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن
باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، كه‌ له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، به‌هۆی یه‌كه‌مین ساڵیادی تێكشاندنی تیرۆر و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، فێستیڤاڵ و یاری ئاگرین له‌ به‌غدا و ناوچه‌ی نێوده‌وڵه‌تی (گرین زۆنیش) به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پێویسته‌ دانیشتووانی به‌غدا ئاگادار بن.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا داواش له‌ هاووڵاتییه‌كانی ده‌كات، له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ عێراقیشن له‌ شوێنی پارێزراودا بمێننه‌وه‌ و ئاگاداری ده‌وروبه‌ری خۆتان بن.

ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ 10ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، ساڵێك به‌سه‌ر راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا تێده‌په‌ڕێت له‌ عێراق، به‌ڵام به‌رده‌وام هۆشداری له‌ مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ ده‌درێت و رایده‌گه‌یه‌نن، جموجۆڵی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ میدیاییه‌كانیش، ئێستای رێكخراوی داعش له‌ قۆناغی رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانیدایه‌ هاوشێوه‌ی ساڵی 2014.






K24 -
Top