عەبدولمەهدی چوار وەزارەتی دیکەی حکوومەتەکەی یەکلا دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 10/12/2018، حەسەن مەسعودی، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سینارۆیەک بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە وەزارەتە بەتاڵەکان دانراوە.
حەسەن مەسعودی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر پڕکردنەوەی هەشت وەزارەتەکە، پەرلەمان دەنگ بە کاندیدی چوار وەزارەت دەدات، کە کێشەیان لەسەر نییە.
یەکلاکردنەوەی کاندیدی ئەو چوار وەزارەتە بەتاڵەی دەمێننەوە، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیکمە، بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخرێ و تا ئەوکاتیش، لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
باسنيوز