ئەمریکا داوای کشانەوەی کاندیدی حەشدی شەعبی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 10/12/2018، رۆژنامەی (ئەلئەخبار)ی لوبنانی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی شەممەی رابردوو دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لەگەڵ فالح فەیاز، کاندیدی هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی)، کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دۆگلاس سلێمان داوای لە فالح فەیاز کردووە ”بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی و رێگرتن لە تەقینەنوەی شەقامی عێراقی“، خۆی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ بکێشێتەوە.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، فالح فەیاز رەتی کردووەتەوە لە خۆکاندیدکردن بکشێتەوە و رایگەیاندووە، کە ئەو بە بڕیارێکی کەسی نەبووەتە کاندید، بەڵکو ”کاندیدی عادل عەبدولمەهدی و هاوپەیمانیی فەتحە“.
بەهۆی ناکۆکیی لایەنە شیعییەکان لەسەر کاندیدی ژمارەیەک وەزارەتی عێراقی، تا ئێستا عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە پۆستی ئەو وەزارەتە و حەوت وەزارەتی دیکە پڕ بکاتەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی رێککەوتنی تەوافوقیی لایەن و پێکهاتە کوردستانی و عێراقییەکان، لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە 2003، پۆستە باڵاکان بەمشێوەیە بۆ پێکهاتەکان دیاری کراون:
- سەرۆکایەتیی کۆمار، بۆ کورد.
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆ سوننەمەزهەب.
- سەرۆکایەتیی حکوومەت، بۆ شیعەمەزهەب.
وزیری ناوخۆ، بۆ شیعەمەزهەب.
- وەزیری بەرگری، بۆ سوننەمەزهەب.
- وەزیرێکی دیکەی سیادی بۆ کورد، کە لە کابینەی عەبدولمەهدی، وەزارەتی دارایی دراوە بە کورد.
باسنيوز